ڕۆژی یەكشەممە 3ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕیچارد چارنێسكی جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەوروپا كرد.
لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەوروپا خۆشحاڵیی خۆی لە ڕەخساندنی دیدارەكە دەربڕی بۆ ئەوەی چاوی بە سەرۆك بارزانی بكەوێت و لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و كوردستان بێت. هەروەها ستاییشی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد بەهۆی ئەو پێشكەوتنەی كە لە بیست ساڵی ڕابردوودا لە كوردستان هاتووەتە ئاراوە و كوردستانی بە توخمێكی كاریگەر لە قەڵەمدا لە سەقامگیریی ناوچەكە و ڕایگەیاند كە بە بێ كوردستان چارەسەری ئاشتیانە لە ناوچەكەدا بەدی ناهێت. لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو كە زۆر پێویستە ئەوروپا و جیهان ئاگاداری ڕاستییەكان و ڕۆڵی كوردستان بن لە سەقامگیریی و ئاشتی لە ناوچەكە و پشتگیریی خۆیشی نیشاندا بۆ فراوانكردنی هەوڵەكانی وڵاتانی ئەوروپی بۆ پشتیوانیكردنی كوردستان لەڕووی ئابووری و مرۆڤییەوە. جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەوروپا وێڕای ئەوەی پێزانینی بۆ كولتووری پێكەوەژیانی گەلی كوردستان هەبوو، دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها پاڵپشتیكردن و پاراستنی مەسیحی و پێكهاتەكانی تر لە هەڕەشەكان و هەروەها پەنادانیان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەوروپای كرد و باسیی لە ئازار و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان كرد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لەپێناو ئازادی و پاراستنی ناسنامە و ئەوەی خستەڕوو كە لە سەرەتای سەدەی پێشوودا بە بێ وەرگرتنی ڕای گەلی كوردستان واقعێكی تاڵ و پڕ لە زوڵم و ئینكار بەسەر گەلەكەماندا سەپێندرا بەڵام گەلی كوردستان لەبەرانبەر ئەو واقعە خۆی بەدەستەوە نەدا و خۆی پاراست و ئێستایش گەلی كوردستان بەشێوازی ئاشتیانە و دیالۆگ بەرەو مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی هەنگاو دەنێ.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە دڕندەیی و وەحشیگەری تیرۆریستانی داعش و مەترسیان لەسەر كۆی مرۆڤایەتی كرد و هێمای بەوەدا كە بە شانازییەوە پێشمەرگە توانی داعش لە كوردستان تێكبشكێنێت و پاراستنی خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی تری بە ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانی گەلی كوردستان وەسف كرد.. هەروەها ئاماژەی بە تێچوونی مادی و مرۆڤی شەڕ و میوانداری ئاوارەكان و گرفتە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان دا و داوای كرد كە وڵاتانی ئەوروپایی لە یارمەتیدانی ئاوارەكان هاوكاریی كوردستان بكەن.
ڕۆژی شەممە 12ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی ئەوروپا بە سەرۆكایەتی چارڵز تەنۆك ئەندام پارلەمانی فراكسیۆنی پارێزگاران و ڕیفۆرمخۆازان كرد كە لە نوێنەرانی فڕاكسیۆنە گەورەكانی نێو پەرلەمانی ئەوروپا پێكهاتبوو.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و پڕۆسەی سیاسی و بووژانەوە و ئەو كرانەوە و پێشڤەچوونە نیشان دا كە لە هەرێمی كوردستان لە ئارا دایە. هەروەها پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و گیانفیدایی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و سەرەخۆشییان لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لەشەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە هاتنی لێشاوی پەنابەران بەرەو ئەوروپا سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە سەدانهەزار ئاوارەیان حەواندووەتەوە و بوونەتە پەناگەی خەڵكی لێقەوماو و پەنابەر. شاندی میوان پشتیوانی خۆیان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە لەشەڕی دژی تیرۆریستان.
هەر لەم دیدارەدا شاندی پارلەمانی ئەوروپا داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە ڕێنوێنی و بۆچوونی خۆی لەبارەی چارەكردنی كێشەی پەنابەران و شەڕی تیرۆریستان و چارەسەری گرفت و قەیرانە قووڵەكانی عێراق و ناوچەكە بخاتەڕوو.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوان و دۆستان و هاوپەیمانانی گەلی كوردستان كرد و لە گوتەیەكدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆسەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و باسی لە قارەمانێتی پێشمەرگە كرد لە شكاندنی ئەفسانەی داعش و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق لە دەستی تیرۆریستان و ئەوەی دووپات كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە هەوڵی عەمەلی و جددی هەموو لایەكە و بە پێویستیشی زانی كە نابێ تەنا مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەكانی ئەم قەیرانە قووڵانە بكرێت كە بەرۆكی ناوچەكە و جیهانی گرتووەتەوە بەڵكو پێویستە هۆكارەكانی ئەو قەیرانانە بنبڕ بكرێن. جەختیشی لەوە كردەوە كە شەڕی تیرۆریستان تەنیا نابێ لایەنی سەربازی بگرێتەوە بەڵكو دەبێ لەڕووی فكری و ئابووری و كۆمەڵایەتیش شەڕی تیرۆر و توندڕۆیی بكرێت. سەبارەت بە هاتنی لێشاوی پەنابەران بەرەو ئەوروپا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە چارەسەر نەكردنی كێشەكان و بارودۆخی سەختی ژیان و هەڕەشە بەردەوامەكان هانی خەڵكی ئاوارەی داوە ڕوو لە ئەوروپا بكەن. بە باشیشی زانی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیی ئەو ئاوارانە بدات كە لە وڵاتانی لوبنان و ئۆردۆن و توركیا و كوردستان لە نێو كەمپەكاندا دەژیین و لەهەمانكاتیشدا شەڕی تیرۆر و قەیرانی سووریا بە خێرایی یەكلایی ببێتەوە بۆ ئەوەی ئومێد بۆ خەڵك بگەڕێتەوە و ڕێگەی كۆچ نەگرنە بەر. ئەوەیشی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان دەرگەی بۆ ئاوارە و لێقەوماوان كراوەیە بەڵام ژمارەی ئاوارەكان ئەوەندە زۆرە كە لە توانای كوردستان چووەتە دەر.
لەبارەی هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پێشتر هەنگاوی باش بۆ پڕۆسەی ئاشتی نرابوو و جێگەی داخە شەڕ دەستی پێكردووە كە زیان لە پڕۆسەكە دەدات و هەرێمی كوردستانیش بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ ڕاوەستانی شەڕ و گەڕانەوەی لایەنەكان بۆ مێزی گفتوگۆ.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد